3/8/2016

نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنگتۆن یادەوەریی دووەم ساڵگەڕی جینۆسایدەكان بەرز ڕادەگرێت

واشنگتۆن، دی سی (us.gov.krd)

لە دووەم ساڵگەردی پەلاماردانی شەنگال، “نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ويلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمريكا” هاوخەمی خۆی دەردەبڕێت بۆ ئەو خێزانانەی کە ئازیزانیان بوون بە قوربانیی لەو جینۆسایدەدا کە داعش ئەنجامی دا. خەمێکی گەورەی ئێمە بە تایبەت ئەو منداڵ و ئافرەتانەیە کە هێشتا دەستبەسەرن، کە هێشتا رۆژانە مەینەتی و ئازار دەچێژن بە دەستی تاوانبارەكانی داعش.

کاتێک تیرۆریستانی داعش لە ٣ ی ئابی ٢٠١٤ شاری شەنگالیان داگیر کرد، کە زۆرینەی ئێزیدین، هەزاران کەسیان کوشت و ڕفاند، دەیان هەزار کەسیان ئاوارە کرد، ئەمانە پەنایان بۆ چیای شەنگال و هەرێمی کوردستان برد. لەو کاتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بێوچان لەسەر چوار بەرەوە خەباتی کردووە:

1) ڕیشەکێشکردنی داعش لەو ناوچانەی کە دەستی بەسەردا گرتوون و جەختکردنەوە لەوەی نەتوانێت ئازاری ئەو هاووڵاتیانە بدات کە لەژێر فەرمانڕەوایی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەژین. تا ئەمڕۆ، زیاتر لە ١٤٠٠٠ میلی چوارگۆشە لە داعش پاك کراوەتەوە، بە شەنگالیشەوە، لەگەڵ دەوروبەری، و هەروەها گوند و شارۆچکە ستراتیجییەکانی دەوروبەری موسڵیش. تا ئێستا زیاتر لە ١٥٠٠ پێشمەرگە شەهید بوون و زیاتر لە ٨٠٠٠ ی تریش بریندار بوون لە کاتی پرۆسەکانی ئازادکردنەوە و لە پەلامارە بەردەوامەکانی داعش بۆ سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە.

2) دابینکردنی هاوکاریی مرۆیی بۆ زیاتر لە ٤٠٠٠٠٠ ئێزیدی کە پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان هێناوە. ئەمان و ئەو ١.٨ ملیۆن ئاوارە عێراقی و پەنابەرە سوریایانەش کە پەنایان بۆ کوردستان هێناوە.

3) درێژەدان بە هەوڵەکانی رزگارکردنی ئەو ئافرەت و منداڵانەی کە داعش کردوونی بە کۆیلە. ژمارەیەکی زۆر لەوانە ئازاد کراون بەڵام هێشتا زیاتر لە ٣٢٠٠ دیلی تر ماون لای داعش.

4) کۆکردنەوەی بەڵگەنامە و پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و هاوکات لۆبیکردن لەلای حکومەتان لە سەرتاسەری جیهان تا نەتەوە یەكگرتووەكان کەیسی جینۆسایدەکە ڕەوانەی دادگای تاوانی نێودەولەتیی بكات.

هەرێمی کوردستان دواپەناگەیە بۆ ژمارەیەكی زۆر لەو ئێزیدییانەی هەڵهاتن. تەنێ لە پارێزگای دهۆك نزیکەی ٦٥ دەرسەت لە ئاوارەکان، ئێزیدین. “حکومەتی هەرێمی کوردستان” یەکەمین حکومەت بووە کە تاوانەکانی داعشی بە جینۆساید ناساندووە. نوێنەرایەتییەكانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە بەردەوامن لە داکۆکی و هەوڵ بۆ دابینکردنی پشتگیری و هاوکاری بۆ سەرجەم پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی کوردستان و عێراق.

حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاگادارە لەو هەستەی کۆمەڵگەی ئێزیدی دەربڕیوە کە وا هەست دەکات هێزەکانی ئاسایش لە سەرتاسەری عێراقدا ئەوانی بەجێهێشتووە. حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسیارێتیی خۆی لەم بوارەدا لە ئەستۆ گرتووە و پابەند دەبێت بە هەموو هەولێکەوە بۆ پاراستنی تەناهی و ئازادی ڕادەربڕین و مافی یەكسان بۆ سەرجەم پێکهاتەكان. ئێستا زیاتر لە هەر کاتێکی تر ئەوە گرنگە کە ئێزیدی و ئاسوری و پێکهاتەکانی تری کۆمەڵگەکەمان دەرفەتیان هەبێت کە رۆڵی پڕبایەخی خۆیان ببین لە ئاییندەی کۆمەڵایەتی و سیاسی هەرێمی کوردستاندا.

لە دەیان ساڵانی ڕابردوودا چەند جارێک جینۆساید لە عێراق دووبارە بۆتەوە. یەکێك لە هۆکارەکانی ئەم سووڕە بریتی بووە لەو پارێزراوێتییەی کە هەبووە، ئەوەی کە زۆر لەو کەسانەی تاوانبارن بە ئەنجامدانی تاوانی قێزەون هەرگیز پەلکێش نەکراون بۆ پێش دادگا.

لە پاش تاوانی ئاوا قێزەون، ئەوە بەرپرسیارێتیی هەموو جیهانە کە هاوکاری کۆمەڵگە مەینەتبەشەكان بدەن لە شەنگال و نەینەوا بۆ ئاشتەوایی لەگەڵ یەکتر و بۆ رێگری لە جینۆسایدی تر لە ئاییندەدا. بەڵام بە بێ هەبوون و سەپاندنی توند و ئاشکرای دادپرسی و بەرپرسیاربوون، ئاشتەوایی نایەتە دی. حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ بینینی رۆڵی پێشەنگ لەم بوارەدا بەڵام پێویستی بە هاوکاری تەکنیکی و تواناسازیی سیستمی داپەروەرێتیە بۆ ئەوەی کار لەسەر کەیسی ئاوا ئاڵۆز و گەورە بكات. داوا لە کۆمەڵگەی نێودەولەتی دەکەین لەم بوارەدا هاوکاریمان بکەن چونکە زۆر گرنگە بۆ ئاییندەی ئاسایشی ناوچەکە. هەروەها داوا لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دەکەین فایلێك دژ بە داعش بکاتەوە بۆ ئەو تاوانە قێزەونانەیان کە پێویستی بە بەرسڤی دادوەریی هەیە لەسەر ئاستی جیهاندا.

بەیان سامی عبدالرحمان، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ويلایەتە یەكگرتووەکانی ئەمريكا وتی “هیچ تاوانێك لە جینۆساید قێزەونتر نییە، ئەو خەم و ئازارەی ئەم تراژیدیایە دروستی کردووە، هەرگیز لەبیر ناچێتەوە. زۆر جار گوێمان لێ بووە کە دەیانگوت “جارێکی تر نابێت هەرگیز ئەوە ڕووبداتەوە”، بەڵام دەرکەوت ئەو قسەیە مانایەكی نەبوو. پێویستە ئەم سووڕی جینۆسایدە کۆتایی پێ بهێنرێت لە عێراق و پێویستە پشتگیریی پێشکەشی ئەو قوربانییانە بکەین کە پێویستیان بە یارمەتی ئێمەیە.”

Background pattern
Colors
Skin
Layout style