29/7/2016

حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری لە کۆبوونەوەكانی پاراستنی فرەچەشنی دەکات لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمريكا

واشنگۆن، دی سی، ويلایەتە یەكگرتووەكان (us.gov.krd)

وەزارەتی دەرەوەی ويلایەتە یەكگرتووەکان ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی رێک خست بۆ نوێنەرانی زیاتر لە ٣٠ وڵات؛ یەكیتی ئەوروپا، یونسکۆ، یو ئێن ئێچ سی ئاڕ، رێکخراوی ئیسلامی بۆ هاوکاری، و نەتەوە یەكگرتووەكان بە مەبەستی تاوتوێکردنی ئەو شێوازانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دەتوانێت بەکاریان بهێنێت بۆ پاراستنی فرەچەشنیی ئایینی و نەتەوەیی لەو ناوچانەی گروپی تیرۆریستی داعش دەستی بەسەردا گرتبوون.

شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەك بەشێک لە شاندی عێراق بەشداریی کۆبوونەوەكانی کرد، شانبەشانی نوێنەرانی ئێزیدی، ئاشوری، توركمان و باڵیۆزخانەی عێراق کە رۆژی ٢٩ ی تەموز ساز کرا.

لە وتارەکانی دەستپێکی کۆنفرانسەکەدا، جێگری وەزیری دەرەوەی ويلایەتە یەكگرتووەکان ئەنتۆنی بلنکن وتی هاوکاریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بەشێکە لە “کاری سەخت و بێ-وچان بۆ سەقامگیری و ئاشتەوایی و حکومی خۆجێی، کە دەبنە مایەی دڵنیابوون لەوەی کاتێك داعش دەبەزێندرێت، هەر بە بەزیویی بمێنێتەوە”.

لە کۆبوونەوەکەدا لەژێر ناونیشانی “هەڕەشەی سەر کەمینەی ئایینی و نەتەوەیی ژێر دەستی داعش”، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ويلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمريكا بەیان سامی عبدالرحمن، و ئەمیر مەولود بەرپرسی هۆبەی پێکەوەژیانی ئایینەکان لە وەزارەتی ئەوقافی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد.

کۆبوونەوەکە لە لایەن بالیۆزی تایبەتی ئازادیی ئایینی نێودەوڵەتیی دێڤید ساپەرشتین و ڕاوێژکاری تایبەتی کەمینە ئاینییەکان نۆکس سامسەوە میواندارێتی کرا. کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ بەدواداچوونە بۆ کۆنفرانسەکەی پاریس کە لە ئەیلولی 2015 ساز کرا و تێیدا لایەنەکان رێک کەوتن لەسەر پلانێکی کار.

رۆژی پێشوو، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بەیان سامی ئامادەی کۆبوونەوەیەكی تر بوو بوو لەسەر هەمان بابەت لەگەڵ لایەن و ئەندامانی دەستگاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، کە پرۆژەی ئازادیی ئایینەكان لە زانکۆی جۆرج تاون رێکی خستبوو.

ئێرە کلیك بکە بۆ بینینی وتەكانی جێگری وەزیری دەرەوە ئەنتۆنی بلینکن.

Background pattern
Colors
Skin
Layout style