27/10/2017

گروپی پەرلەمانتارانی کەنەدیی دۆستانی پێشوازی لە نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمريکا، دەکەن

ئۆتاوا، کەنەدا (us.gov.krd)

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ويلایەتە یەكگرتووەکان، بەیان سامی عبدالرحمن، ئەم هەفتەیە سەردانی کەنەدای کرد بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ بڕیاربەدەستانی کەنەدی، ئەندامانی پەرلەمان، و میدیا. نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەردانێک گەیشتە کەنەدا، ئەم سەردانە لەسەر بانگهێشتی “گروپی پەرلەمانتارانی کەنەدیی دۆستانی کورد” بوو کە پەرلەمانتار تۆم کمیک Tom Kmiec سەرۆكایەتی دەکات. نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دووتوێی سەردانەکەدا بەشداریی لە ئێوارەخوانێك و دانیشتنێکدا کرد لە پەرلەمانی کەنەدا کە تایبەت بوون بە پێشکەشکردنی پوختەکاریی. شایانی باسە ئەم ڕێوڕەسمە بە بەشداریی پەرلەمانتار تۆم کمیک و پێنج ئەندامی تری گروپەکە بەڕێوەچوو. پاش تیشك خستنە سەر دوایین پێشهاتەکانی کوردستان، بەیان سامی سوپاسی گروپەکەی کرد بۆ پشتگیرییان لە چەندین بابەتی پەیوەست بە کوردستان. بەڕێزیان هەروەها خۆشحاڵیی و پشتگیریی خۆی دەربڕی لە پرۆپۆزەڵی کردنەوەی کونسوڵگەری کەنەدی لە هەولێر و جەختی کردەوە لە پابەندێتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دامەزراندنی شەراکەتی درێژخایەن لەگەڵ کەنەدا. هەروەها داوای کرد ئەندامانی زیاتری پەرلەمانی کەنەدا بێنە ناو گروپەکەوە، و ئاماژەی بە ژمارەی بەرچاوی کوردستانیان کرد لە کەنەدا.

بەڕێز بەیان سامی عبدالرحمن هەروەها لەگەڵ شان بۆید Sean Boyd کۆبۆوە، بەڕێوەبەری جێبەجێکار بۆ پەیوەندییەکانی خۆرهەلاتی نێوین لە گلۆباڵ ئەفێرز کانادا، و بەڕێز ئەدیل فێرگەسن، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی سیاسەتەکانی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە وەزارەتی بەرگریی نیشتمانی. بەیان سامی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ويلایەتە یەكگرتووەکان، لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێکی تریش کۆبۆوە، کە هەندێكیان لە حکومەتی سێبەر بوون. وەك سکرتێریی پەرلەمانیی وەزیری بەرگریی نیشتمانیی، پەرلەمانتار ژان ڕییو، وەزیری سێبەری بەرگری پەرلەمانتار جێمس بێزان، جێگری وەزیری سێبەر بۆ کاروباری دەرەوە پەرلەمانتار گارنێن جینیەس، و سکرتێری پەرلەمانیی وەزیری کاروباری دەرەوە پەرلەمانتار مات دیکۆرسی.

لە کۆبوونەوەکاندا بەیان سامی سوپاسی حکومەتی کەنەدی کرد بۆ پشتگیریی سەربازیی و مرۆییان لە هەرێمی کوردستان. بەڕێزیان تیشکی خستە سەر بایەخی ئەو هاوکارییانەی کەنەدا پێشکەشی قوربانییانی ئێزیدیی دەستی داعش و داوای لە کەنەدا کرد بەردەوام بن لە پتەوکردن و بنیاتنانی دەستگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، و پاراستنی کەمینەکان، و تواناسازیی ئافرەتان.

سەبارەت بە شەڕانگێزیی و لەشکرکێشییەکانی سوپاسی عێراق و ئەو میلیشیایانەی کە ئێران پشتگیرییان دەکات، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە کەنەدا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد رۆڵی خۆیان ببینن لە خاوکردنەوەی ڕەوشەکە، و جەختکردنەوە لە ئاشتی، و هاوکاریی هەولێر و بەغداد بۆ گەڕانەوە بۆ ئاخاوتن بۆ چارەسەرکردنی ناكۆکییەکان.

پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان لێدوانێکی ڕاگەیاندبوو کە پێشنیاری سڕکردنی ئەنجامەکانی ڕیفراندۆمی کردبوو لەگەڵ دەستپێکردنەوەی ئاخاوتن بە بێ پێشمەرج.

بەرپرسانی کەنەدا و پەرلەمانتارەکان ستایشی رۆڵی پێشمەرگەیان کرد لە شەڕی دژی داعش و وتیان پەیوەندییان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرز دەنرخێنن. هەروەها وتیان کەنەدا پشتگیریی لە چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغداد دەکەن لە رێی ئاخاوتنەوە و داوایان کرد کۆتایی بە زەبروزەنگ بهێنرێت. لە ماوەی سەردانەکەیدا بۆ ئۆتاوا، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمريكا لەگەڵ چەند کەناڵێکی میدیای کەنەدی کۆبۆوە وەك سی بی ئێس پاوەر ئەند پۆلیتیكس، گلۆباڵ نیوز، زا وێست بلۆك ویز تۆم کلارک. رۆژی چوارشەممە 25/10 بەیان سامی بەشداریی لە پانێڵێکی پێشوازی و تاوتوێ کرد لە مكدۆناڵد لۆرییر ئینستیتوت، کە دەستگایەكی هزری کەنەدییە.

Background pattern
Colors
Skin
Layout style