25/7/2017

لە واشنتۆن، فەلاح مستەفا، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئیدارەى ئەمەریکا و ئەندامانى کۆنگرێس و سەنتەرى هزرى و ڕۆژنامەنووسان کۆبووەوە

لە ماوەى سەردانەکەیدا بۆ ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە هەفتەى رابردوو، بەڕێز فەلاح مستەفا، بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەت بە یاوەری خاتوو بەیان سامی عبدالرحمن نوێنەری حکومەتی هەرێم لە واشنتن لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئیدارەى ئەمەریکا و نوێنەرانی کۆنگرێس و سەنتەرى هزرى و ڕۆژنامەنووسان کۆبوونەوەو سیاسەت و تێڕوانینى حکومەتى هەرێمیان خستەڕوو سەبارەت بە رەوشى هەنووکەیى هەرێمى کوردستان و پرسى ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان.

بەڕێز فەلاح مستەفا و خاتوو بەیان سامی لە کۆشکی سپی پێشوازیان لێکراو لەگەڵ کاربەدەستانى ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی بە مەبەستی تاوتوێ کردنی شەڕ دژی تیرۆریستانی داعش و ئایندەی حوکمڕانی و سەقامگیری ناوچە ئازادکراوەکانی ژێردەستی داعش و ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان کە وا بڕیارە لە ڕێکەوتی (٠٢٥/٩/٢٠١٧) ئەنجام بدرێت بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە هەریەک لە بەڕێزان دێریک هارڤی، بەرپرسی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەڕێز جۆیل ڕایبوم، بەرپرسی بەشی ئێران و عێراق و لوبنان و سوریا و بەڕێز چارڵز پفاف ئامادەبوون، بەڕێز بەرپرسی پەیوەندیەکانى دەرەوە سوپاسی وویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کرد بۆ هاوکاری و پاڵپشتی بەردەوامی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە شەڕ دژی تیرۆریستانی داعش. تایبەت بە پرسی ڕیفراندۆم، بەڕێز فەلاح مستەفا داوای لە بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریکا کرد بەشێوەیەک لە ڕیفراندۆم بڕوانن وەکو چارەسەرێک بۆ پرسی حوکمڕانی دوای قۆناغی داعش لە بری ئەوەی ببێتە گرفت.

دواتر، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی وەزارەتی دەرەوەیان کرد بۆ سازدانی دوو کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وەزارەت بۆ تاوتوێ کردنی ژمارەیەک پرسەکانی پەیوەست بە حوکمڕانی و ئاسایش و پەیوەندی نێوان بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستان و ڕەوشی مرۆیی کوردستان.

یەکەم دیدار لەگەڵ بەڕێزان باڵیۆز ستیوارت جۆنز، یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بە وەکالەت، و پیتەر شێ، بەڕێوەبەری دێسکی عێراق و کاروباری ووڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نزیک بوو. هەروەها چاویان کەوت بە بەڕێزان باڵیۆز برێت مەکگۆرگ نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ لەناوبردنی داعش.

پاشان ئەنجومەنی بازرگانی ئەمریکا – کوردستان سەردانی بەڕێز بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەیان کرد لە بارەگای نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتۆن بۆ پێشکەش کردنی پووختەیەک.

بەڕێز بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوە گوتی سەرەڕای سەرجەم ڕووبەڕووبوونەوەکانی وەکو شەڕ دژی داعش و قەیرانی دارایی، کوردستان دەرگای کراوە دەبێت بۆ خاوەنکاران و ڕەخساندنی کەشێکی گونجاو بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی.

دواتر، بەڕێز بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوە چاوی کەوت بە بەڕێز فەرید یاسین، باڵیۆزی عێراق لە وویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

بەڕێز فەلاح مستەفا لەماوەی سەردانە یەک هەفتەییەکەیدا بۆ واشنتۆن چاوی کەوت بە ئەندامانی کۆنگرێس و بەرپرسانی باڵای حکومەت و شارەزایانی هەرێمی و دامەزراوە هزری و میدیاییەکان.

Background pattern
Colors
Skin
Layout style