18/1/2016

شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێی کاریگەری ڕەوشی ئابووری کوردستان دەکات لەگەڵ واشنگتۆن

واشنگتۆن، پایتەخت، ويلایەتە یەكگرتووەکانی ئەمريكا (us.gov.krd) 

“ئەگەر ئەم قەیرانی ئابوورییە بەردەوام بێت، کاریگەرێکی گەورەی دەبێت لەسەر هەموو بەرەكانی پێشەوەی شەڕ. ناتوانیت جەنگاوەر بە سکی خاڵییەوە جەنگاوەر بۆ شەڕ بنێریت”. بەیانیی هەینی، بەڕێز دکتۆر فوئاد حسێن ئەمەی بە چەند رۆژنامەوانێك وت لە کەناڵەکانی میدیای ئەمریكی. هەروەها وتی “پێویستمان بە پشتگیری و یارمەتییە. ئێمە بۆیە لە واشنگتۆنین تا ئەمە ڕوون بکەینەوە بۆ دۆستەكانمان.”

هەینی چوارەمین رۆژی سەردانی شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو، کە لە بەڕێزان دکتۆر فوئاد، سەرۆكی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم، و وەزیر فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە پێك دێت، بە هەڤاڵێتی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ويلایەتە یەكگرتووەكان بەڕێز بەیان سامی عەبدول رەحمان. شاندەکە بەردەوام دەبێت لە کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارە و بەرگریی ويلایەتە یەكگرتووەكان، و مێزگردی جۆراوجۆری تاوتوێ ساز دەکات لەگەڵ رۆژنامەوانانی ويلایەتە یەکگرتووەكانی ئەمريكا و رێکخراوە مرۆییەكان.

شاندەکە لە کۆشی سپی لەگەڵ بەرپرسانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆبۆوە، لەناویاندا بەڕێز ڕۆبەرت مالی، یاریدەدەری تایبەتی سەرۆك ئۆباما و رێکخەری کاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها لەگەڵ ڕاوێژکارانی جێگری سەرۆك کۆبوونەوە. بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی داوایان لە ويلایەتە یەکگرتووەكان کرد رێگە بدۆزێتەوە بۆ پشتگیریی پێشمەرگە و خەڵكی ئاوارە و ئەو کۆمەڵگە و شوێنانەش کە پەنای ئاوارەكانیان داوە. وتیان پێشمەرگە ئامادەیە رۆڵێكی پڕبایەخ لە ئازادکردنی موسڵدا ببینێت. دکتۆر فوئاد و وەزیر فەلاح، و نوێنەر بەیان خان، لەگەڵ یاریدەدەری وەزیری بەرگری بە وەكالەت بۆ کاروباری ئاسایشی نێودەوڵەتی ئەلیسا سلۆتکین کۆبوونەوە بۆ تاوتوێی کاریگەرەکانی قەیرانی ئابووری لەسەر شەڕی دژی داعش وبەرپرسیارێتی هاوبەشی هەردوولا بۆ بەزاندن و لەناوبردنی داعش. هەروەها تاوتوێی ئەو دوو کەتیبەیەیان کرد کە مەشقیان پێکراوە و چەک و کەرەستەیان بۆ دابین کراوە لە لایەن ويلایەتە یەکگرتووەکانەوە، بە تایبەتی کە پێشمەرگە و هاوپەیمانان و هێزەکانی ئاسایش عێراق بە هیوان موسڵ ڕزگار بکەن. بەڕێزیان پەسنی ئازایەتی و خۆبەخشیی پێشمەرگەی کرد، و جەختی لە بایەخی شەراکەتی کوردستان و ئەمريكا کردەوە.

شاندەکە هەروەها لەگەڵ ئێریك مەیەر، جێگری یاریدەدەری وەزیر بۆ کاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكی کۆبوونەوە. سەرەڕای چەندین بابەتی تر، هەروەها داوای یارمەتی زیاتری تەکنیکی کرا بۆ هاوکاری لە بەڕێوەبردنی ریفۆرم و تەقەشوف لە هەرێمی کوردستان.

لەگەڵ دابەزینی نرخی بەرمیلێک نەوتدا بۆ ژێر 30 دۆلار، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە زەحمەت دەتوانێت مووچەی کارمەندانی حکومی بدات، بەو پێشمەرگانەشەوە کە لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگن. پێشتر ئەمساڵ، ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێوشوێنی زیاتری تەقەشوفی ڕاگەیاند وەك هەوڵی حکومەتی هەرێم بۆ کەمترکردنەوەی بودجەی هەرێم.

دکتۆر فوئاد و نوێنەری هەرێم بەیان خان لەگەڵ ئامۆس هۆشستن نێردەی تایبەت و رێکخەری وزەی جیهانی لە وەزارەتی دەرەوە، کۆبوونەوە، بۆ تاوتوێی چەند بابەتێك لەناویاندا ئاییندەی کەرتی وزە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.

لە لایەکی ترەوە وەزیر فلاح مصطفی لەگەڵ گروپێك لە ڕێکخراوە مرۆییە نێودەولەتییەكان کۆبوونەوەی کرد لە دەستگای InterAction، کە چەترێکە بۆ ئەو جۆرە رێکخراوە. بەڕێزیان پوختەیەكی پێشکەش ئامادەبووان کرد و ئنجا وەڵامی پرسیارەكانی دانەوە، و سوپاسی نەتەوە یەكگرتووەکان و رێکخراوە ناحکومییەكان کرد بۆ کاری جددیان لە وەڵامدانەوەی پێویستییەكانی خەڵکی ئاوارە. هەروەها داوای لێکردن پشتگیری زیاتر بۆ ئەو خەڵكە دابین بکەن و کەرەستە و بابەتی هاوکاری و گەشەپێدان بگەیەنن بە ئاوارەكان و ئەو کۆمەڵگە و شوێنانەش کە داڵدەی ئاوارەکانیان داوە و قەیرانە مرۆییەکە کاری تێکردوون. بەڕێزیان جەختی کردەوە لە پێویستبوونی وەڵامدانەوەی سەقامگیریی ئابووری و ژێرخانی شلۆق وەك چالاکییەكی بەردەوامی مرۆیی.

InterAction گەورەترین هاوبەندیی رێکخراوە ناحکومییە نێودەوڵەتییەکانە لە ويلایەتە یەكگرتووەکانی ئەمريکا کە جەخت دەخاتە سەر فریاگوزاریی کارەسات و بەرنامەی سەقامگیریی گەشەسەندن.

وەزیر فلاح مصطفی وتی “ئێمە سوپاسی ئێوە دەکەین بۆ پشتگیرییتان لە هاوکاریی قەیرانی مرۆیی لە کوردستان و عێراق و ئێمە و مێژوویەكی درێژمان هەیە لە کارکردن لەگەڵ رێکخراوە مرۆییەكان، و ئێستا پێویستمان بە هاوکاریی ئێوەیە.”

لە ساڵی ٢٠١١ ەوە زیاتر لە 1.8 ملیۆن پەنابەری سوری و ئاوارەی ناوخۆی عێراقی، پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان هێناوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان، نەتەوە یەكگرتووەكان، و چەندین رێکخراوی ناحکومیی نێودەوڵەتی کار دەکەن بۆ دابینکردنی هاوکاریی فریاگوزاری بۆ ئاوارەكان. لەگەڵ ئەمەشدا، تەمویلی ساڵی ٢٠١٥ بۆ بەرنامەی مرۆیی بە بڕی 75% کورتی هێناوە بە گوێرەی داواکارییەكانی نەتەوە یەكگرتووەکان. ژمارەیەكی زۆر رێکخراوی ناحکومی لە واشنگتۆن کار لە هەرێمی کوردستان دەکەن.

Read this press release in English.
Background pattern
Colors
Skin
Layout style