16/4/2016

جێگری سەرۆك وەزیران لە واشنگتۆن: “رەوشی ئابووری، هەڕەشەی مان و نەمانە

واشینگتۆن، دی سی، ويلایەتە یەكگرتووەكان (us.gov.krd) –

هەڕەشەی مان و نەمان لەسەر کوردستان بریتی نییە لە شەڕی دژی داعش، ئەوەش نییە کە کوردستان بۆتە پەناگەی 1.8 ملیۆن ئاوارەی عێراقی و پەنابەری سوریایی، و تەنانەت ئەو ناکۆکییە سیاسییەش نییە کە لە وڵاتدا هەیە. هەڕەشەی مان و نەمان کە ڕووبەڕووی کوردستان بۆتەوە ئەمڕۆ بریتییە لە رەوشی ئابووری” جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم، بەڕێز قوباد تاڵەبانی، وای وت لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ واشنگتۆن لەم هەفتەیەدا.

لە بنکەی ودرۆ ویلسن، لە کۆڕێكدا بە ناونیشانی”لە داعشەوە تا دەگاتە دابەزینی نرخی نەوت: قوباد تاڵەبانی باسی ئەو ئاستەنگانە دەکات کە ڕووبەڕووی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوونەتەوە” کە زیاتر لە 200 کەس ئامادە بوون لە پسپۆڕان، بەرپرسانی حکومەت، و ئەندامانی میدیا، بەڕێزیان وتارێکی پڕبایەخی پێشکەش کرد.

“ئێمە مووچەی چوار مانگی کارمەندانی حکومەتمان هێشتا نەداوە. ئێمە سێ مانگ مووچەی پێشمەرگەمان نەداوە، کە دلێرانە بەرگری لە بەرەکان دەکەن. ئێمە 1,400 شەهیدمان داوە، و 8,000 برینداریشمان هەیە. هەر شتێك کە ببێتە هۆی لاوازبوونی بەرەی جەنگ یان ئەگەری ئەوەی هەبێت زیان بگەیەنێت بە ورەی پێشمەرگەکانمان نەك هەر مەترسی دەبێت بۆ سەر کوردستان، بەڵکو مەترسی دەبێت بۆ سەر عێراقیش، بۆ سەر ناوچەکە، و تەنانەت بۆ شەڕیی جیهانییش لە دژی داعش.” جێگری سەرۆكی وەزیران لە گەشتەکەیدا بۆ واشنگتۆن چەند بەرپرسێكی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لەگەڵ بوو، لەناویاندا وەزیری ناوخۆ و کاروباری پێشمەرگە کەریم سنجاری، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە وەزیر “فلاح مصطفی”، و نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ويلایەتە یەكگرتووەکان بەیان سامی عبدالرحمن. مەبەست لە سەردانی شاندەکە بریتییە لە گەیاندنی پەیامی زەحمەتیی ئەو قەیرانە ئابوورییە و پێویستبوونی هاوکاریی بەپەلە بە گوێی کارمەندانی ئیدارەی ئەمریكی، ئەندامانی کۆنگرێس، و میدیای ئەمریکی.

شاندەکە لەگەڵ چەند گەورە بەرپرسێكی ئیدارەکە و بەرپرسانی بەرگری کۆبۆوە بۆ تاوتوێی ئەو ئاستەنگانەی لە ئێستادا ڕووبەڕووی گەلی کوردستان بۆتەوە.

رۆژی هەینی، شاندەکە لەگەڵ جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوە، ئانتۆنی بلنکین، کۆبۆوە، بۆ تاوتوێی چەند کێشەیەکی هەنووکەیی هەرێمی کوردستان. جێگری سەرۆك وەزیران، بەڕێز تاڵەبانی، تیشکی خستە سەر قەیرانی ئابووری و دارایی کوردستان، جەختی خستە سەر ئەوەی کە حکومەت ناتوانێت مووچەی پێشمەرگەی بەرەکان و 1.4 ملیۆن کەس بدات لە کارمەند و خانەنشین، و کەمئەندام، و کاریگەری بەرجەستەی هەبووە لەسەر شەڕی دژی داعش.

جێگری سەرۆك وەزیران، بەڕێز تاڵەبانی، و شاندەکە سەردانی پێنتاگۆنیان کرد و لەگەڵ جێگری وەزیری بەرگری بۆ کاروباری سیاسی، کریستین ۆرموس، کۆبوونەوە. شاندەکە سوپاسی ويلایەتە یەكگرتووەكانی کرد بۆ دابینکردنی هاوکاریی سەربازی و پشتگیری ئاسمانی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، و جەختیان خستە سەر بایەخی ئەو کەتیبانەی پێشمەرگە کە ئێستا ويلایەتە یەكگرتووەكان مەشقیان پێدەکات و کەرەستەیان بۆ دابین دەکات. تیشکیان خستە سەر پێویستبوونی درێژەدان بە دابینکردنی چەك و تەقەمەنی و کەرەستە، بە تایبەتی بۆ بەرەكانی پێشەوەی جەنگ کە کەمییان هەیە کەرەستە و کەلوپەلە پڕبایەخەکاندا.

لە کۆشکی سپی، شاندەکە لەگەڵ گەورە ڕاوێژکاران و ستافی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی و نووسینگەی جێگری سەرۆك کۆبوونەوە. تاوتوێی ستراتیجی جیهانییان کرد بۆ بەزاندنی داعش، تیشکیان خستە سەر بوارەكانی ئابووری، مرۆیی، و سەربازیی پاش ئازادکردنی موسڵ.

شاندەکە بە درێژایی هەفتەکە چەندین کۆبوونەوەیان ئەنجام دا لەگەڵ بەرپرسان لە وەزارەتی دەرەوە، وەزارەتی خەزێنە، و پینتاگۆن. شآندەکە هەروەها چەند کۆبوونەوەیەكی لەگەڵ گەورە بەرپرسان ساز کرد لە دەستگا نێودەوڵەتییە ئابوورییەکان وەك گروپی بانکی جیهانی و سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی و تاوتوێی پێویستیی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد بە هاوکاریی دارایی بەپەلە.

لە کاتێکدا دەیان هەزار پێشمەرگە بە درێژایی بەرەیەكی ٦٥٠ میل شەڕ لەگەڵ داعس دەکەن، و ئاوارەکانی عێراق و پەنابەرەکانی سوریا ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستانیان بە رێژەی 30% زیاتر کردووە، مەسرەفی تەشغیلی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئێجگار زیادی کردووە. ئەم رەوشە دابەزینی نرخی نەوتیشی هاتە سەر، بەم شێوەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان تووشی عجزێک بووە کە مانگانە ١٠٠ ملیۆن دۆلارە، ئەمە تەنانەت دوای ڕێوشوێنی تەقەشوف، کە عجزەکە لە بنەڕەتدا ٤٠٠ ملیۆن دۆلار بوو مانگانە.

بە درێژایی هەفتەکە شاندەکە، بە سەرۆكایەتی جێگری سەرۆكی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها چەندین کۆبوونەوەی تری کرد لەگەڵ چەند بەرپرسێکی باڵا لە لیژنە گرنگەکانی کۆنگرێس. دوابەدوای کۆبوونەوەکان، رۆژی پێنجشەممە نوێنەری ويلایەتە یەكگرتووەکان ئیلیانا رۆز-لایتینن و براد شێرمان بڕیاری ژمارە ٦٨٢ ی ئەنجومەنی نوێنەرانیان پێشکەش کرد کە تێیدا داوا لە وەزارەتی دەرەوە دەکەن هاوکاری پێویست لە کەرەستە و مەشق پێشکەش بە پێشمەرگە بكات.

رۆژی هەینی، جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری ناوخۆ و پێشمەرگە لە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی چەند سەرنج و پرسیارێکی چەند رۆژنامەوانێكی ئەمریکییان دایەوە. “ناتوانیت بە مایەپووچی، شەڕێك ببەیتەوە”. بەڕێز تاڵەبانی وای وت. “پێویستمان بە یارمەتی زیاترە لە ويلایەتە یەكگرتووەكان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی”.

پێشتر لەو هەفتەیەدا سەرجەم ئەندامانی شاندەکە لەگەڵ چەندین پسپۆڕی بواری خۆرهەڵاتی نێوین و ئەندامانی گروپی جۆراوجۆری رەگەزی و ئایینی کۆبوونەوە لە سیمپۆزیەمێك لەسەر پێکەوە ژیان، لێخۆشبوون و سەقامگیری، کە پەیمانگەی بەشداریی جیهانی و نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ويلایەتە یەكگرتووەکان، سازیان کردبوو.

جێگری سەرۆك وەزیران، بەڕێز قوباد تاڵەبانی، وتی “حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستی بە پشتگیرییە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تا بتوانێت پەناگەیەکی ئارام بێت بۆ کەمینە نەتەوەیی و ئاینییەكان، و بۆ ئەوەی کۆتایی بهێنێت بە زەبروزەنگ و توندڕەوی کە ساڵانێكە عێراق بە دەستییەوە دەناڵێنێت.”

وەزیر کەریم سنجاری وتی “سەقامگیرکردن و دامەزراندنەوەی خزمەتگوزارییەکان بۆ خەڵک، و پشتگیریی لە گەشەی ئاستی ژیان دوو شتی پێویستن بۆ ئاییندەی سەقامگیری و بووژانەوەی هەرێمەکە.”

بەڕێز وەزیر “فلاح مصطفی” وتی “پەروەردە و خوێندنی گشتگیر کلیلی ئاوەدانکردنەوە و سەقامگیریی عێراقە. هیچ کەسێك لە عێراق هیچ ئایندەیەكی نابێت ئەگەر بیر لە تۆڵەسەندنەوە بکەنەوە لە جیاتی ئاشتەوایی.”

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەیان سامی عبدالرحمن، وتی “لە ١٩٩١، ئۆپەراسیۆنی پرۆڤاید کەمفۆرت ئێجگار سەرکەوتوو بوو لە ڕێگری لە کوژرانی نزیکەی ٢ ملیۆن کورد کە لە سەدام هەڵدەهاتن. ئەمڕۆ، ئەو قەیرانەی داعش دروستی کردووە، پێویستی بە بەرسڤێکی هەمان شێوەیە”

لە کۆتایی هەفتەكەدا لە ئوتێلێك لە فێرفاکس، ڤێرجینیا، جێگری سەرۆك وەزیران، بەڕێز تاڵەبانی، پوختەیەكی پێشکەش بە ڕەوەندی کوردی ئەمریكی کرد لەسەر رەوشی ناوخۆیی ئێستای هەرێمی کوردستان و دەرەنجامەكانی گەشتەکەی بەڕێزیان بۆ واشنگتۆن.

Click here to read this press release in English.
Background pattern
Colors
Skin
Layout style