16/3/2016

لە واشنگتۆن یادی قوربانیانی هەڵەبجە بەرز و پیرۆز ڕادەگیرێت، و تاوتوێی جینۆسایدەکانی داعش دەکرێت

واشنگتۆنی پایتەخت، ويلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا (us.gov.krd)

– “ئەمڕۆ لێرەین بۆ ئەوەی سەری ڕێز دابنەوێنین بۆ شەهیدانی کیمیابارانەکەی هەڵەبجە لە ١٩٨٨، هەروەها بۆ قوربانیانی تری جینۆساید لە کوردستان، لە عێراق، و لە سەرتاسەری جیهان.” ئەمە بەشێك بوو لە وتەی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ويلایەتە یەكگرتووەکان، بەڕێز بەیان سامی عبدالرحمن لە ٢٨-هەمین ساڵیادی هێرشە کیمیاییەكان بۆ سەر شاری هەڵەبجە.

چەندین بەرپرسی حکومەتی ئەمريکا، و میدیا و ئەکادیمی و ڕەوەندی کورد هەموویان لە واشینگتۆن کۆبوونەوە لە رۆژی چوارشەممەی ١٦ ی ئازاری ٢٠١٦ لە “بنکەی پەیوەندییەكانی ترانزئەتڵانتیك” لە زانکۆی جان هاپكنز، کۆلیژی لێکۆڵینەوەی باڵای نێودەوڵەتی، بە مەبەستی بەرز و پیرۆز ڕاگرتنی یادی قوربانیانی هەڵەبجە و هەروەها بۆ تاوتوێی هێرشە کیمیاییەكان و هەروەها جینۆسایدەکانی ئەم دواییە و تاوانەکانی تری داعش لە دژی ئێزیدی، کریستیان، شەبەك، توركمان، و کەمە نەتەوەیی و ئایینی تر.

لە ١٦ ی ئازاری ١٩٨٨، فڕۆکە میراژەکانی عێراق بۆمبی سارین و ڤی ئێکس و ژەهری تری کیمیایی و بۆمبی پڕ لە مادەی تێکدانی سیستمی دەماریان لە دژی دانیشتوانی مەدەنی و بێتاوانی شاری هەڵەبجە و گوندەکانی دەوروبەری بەکارهێنا. لە چەند خولەکێکدا زیاتر لە ٥٠٠٠ کەس شەهید بوون، کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون. زیاتر لە ١٠٠٠٠ کەس بە سەختیی بریندار بوون، هەندێكیان تا ئێستا دەناڵێنن بە دەست ئازار و برینەكانیانەوە. هێرشەکە درێژەی یەك دەیە بوو لە هەڵمەتی قڕکردن لە لایەن رژێمی عێراقەوە دژ بە گەلی کوردستان.

یەریڤان سەعید، رۆژنامەوان و ئەندام لە رێخکراوی پایتەختی ئاشتی، بەسەرهاتی خۆی گێڕایەوە لە سەردەمی هێرشە کیمیاییەکاندا، باسی ئەوەی کرد چۆن خێزانەکەیان لە جەنگ و زەبروزەنگ هەڵهاتبوون لە عێراق، و سێ هەفتە پێش هێرشە کیمیاییەکان تازە گەڕابوونەوە بۆ هەڵەبجە. لە ئەشکەوتێکی نزیك لە شارەکەوە، یەریڤان وەحشیگەریی پەلامار و ‌هێرشەکان و کاریگەرییەكانی بە چاوی خۆی دەبینی کاتێك قوربانییەكان لە شارەکە لە دەست گازە ژەهراوییەكان هەڵدەهاتن.

یەریڤان وتی “لە شاخەکەوە دەمانبینی چی ڕوودەدات لە هەڵەبجە، گوێمان لە دەنگی بۆمبەکان بوو، و دەمانبینی وا شارەکە دووكەڵی لێ بەرزدەبێتەوە. بەڵام هەرگیز نەماندەزانی ڕەنگە ئەوە گازی کیمیایی بێت، دوای چەند کاتژێرێك خەڵک هاتن بۆ لامان، بۆ شاخەکە. هەندێكیان کوێر بووبوون، هەندێكیان مێشکیان تێکچوو بوو، هەندێكی تر لەش و دەموچاویان سووتا بوو. پاشنیوەڕۆ، فڕۆکەکانی عێراق دوای ئەو خەڵکە کەوتن کە هەڵدەهاتن، و ئەوان و ناوچەکانی دەوروبەریان بۆردوومان کرد، ئەو شاخەشیان بۆردوومان کرد کە ئێمە خۆمان تێدا حەشار دابوو.”

گەورە هەڤاڵبەند لە سی تی ئاڕ، دکتۆر ساشا تۆپڕیچ سەبارەت بە بەرز و پیرۆز ڕاگرتنی یادەکە و بایەخی رێکخستنی ساڵیاد بۆ ساڕێژبوونی برینی قوربانییەكان، وتی “زۆر کەسم بینیوە کە برین و ئازاریان چەشتووە، ئەم برین و ئازارە هەر بە زیندوویی ماوەتەوە لە دڵ و دەروونیاندا”. گاڤرێڵ مایرۆن، یاساناسی مافەکانی مرۆڤ کار دەکات بۆ دادگایی ئەو کۆمپانیایانەی کە کیمییاییان بە رژێمی بەعس فرۆشتووە، باسی ئەوەی کرد کە شەڕێکی یاسایی دەکات بۆ ئەوەی ماف و دادپەوەری و قەرەبوو بۆ قوربانییەکان دابین بکات.

بەڕێز گاڤرێل وتی “سەدام مەبەستی لە پەیداکردنی چەکی کیمیایی بریتی بوو لە شەڕی دژی ئێرانییەکان و کۆمەڵکوژی کوردەکان. بۆیە، پەیوەندیی بە چەندین کۆمپانیاوە کرد لە سەرتاسەری جیهان، و چەند کۆمپانیایەكی ئەوروپی بە پەلە خۆیان گەیاندە عێراق بۆ دروستکردنی گەورەترین کارخانەی چەکی کیمیایی لە جیهاندا.” هەروەها وتی ” لە ١٩٨٥ بە دواوە، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕاپۆرتی بڵاوکردۆتەوە لەسەر ئەوەی کە عێراق چەکی کیمیایی بەکاردەهێنێت لە بەرەكانی شەڕ. ئەم کۆمپانیایانە هەر بەردەوام بوون لە دابینکردنی کەرەستەكانی چەکی کیمیایی و کەرەستەی تری کیمیایی بۆ عێراق، و گەورەکردنی کارخانەکانی چەکی کیمیایی و بەرهەمهێنانی کەرەستەكانی کیمیایی.

ناۆمی کیکۆلەر، جێگری بەڕێوەبەری بنکەی سایمۆن سکۆدت لە موزەخانەی یادەوەریی هۆلۆکۆست لە ويلایەتە یەكگرتووەکان بۆ رێگریی لە جینۆساید باسی رەوش و حاڵەتەکانی تاوانی جینۆسایدی کرد لەسەر ئاستی جیهان. وتی “زۆر جار کە هاوار دەکەین “با چیتر ئەمە ڕوو نەدات” دەنگمان نابیسترێت. مەسەلەکە ئەوە نییە کە جیهان ئاگای لەو کارە قێزەونانە نەبێت، بەڵکو بریتییە لە نەبوونی ئیرادە بۆ کارکردن لەسەری” وتی جیهان نیشانە بەراییەكان ناخوێنێتەوە و رێگە ناگرێت لە جینۆساید، و کاتێکی زۆر بەوەوە خۆی سەرقاڵ دەکات کە ئاخۆ ئەم یان ئەو تاوانە بە جینۆساید دابنرێت یان دانەنرێت.

خانم ناۆمی وتی “چەندین حاڵەتی وا ڕووی داوە لە جیهاندا کە هیچ بەرپرسیاربوونێك (مسائەلە) نەکراوە لەو کاەر قێزەونانە.. زۆر جای هۆی سەرەكیی ناکۆکییەكان ئەوەیە کە فەرهەنگی نابەرپرسیارکردن و حەسانەی تاوانکاریی لە ئارادایە.. ئەوەی جێی سەرسوڕمانم بوو لە عێراق ئەوە بوو کە خەڵكێكی زۆر قوربانیی ئەو تاوانەن کە دژیان بە دەستەجەمعی ئەنجام دەدرێت، خۆیان یان کەسوکاریان. لەم وڵاتە چەشتنی تاوانی قێزەون بۆتە بەشێک لە ئەزموونی ژیانی خەڵكێکی زۆر. ئێمە پێویستە جەخت لەسەر ئەوە بکەینەوە کە کاتێک سەرقاڵی دانانی ستراتیجین جەخت بخەینە سەر ئەوەی کە دوای ١٠ ساڵی تر جارێکی تر نەیەینەوە بۆ ئێرە بۆ باسکردنی کۆمەڵکوژیی لە عێراق.”

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بەیان سامی عبدالرحمن وتی “دوای ئەو هەموو تاوانە قێزەون و کوشتن و بڕین و وێرانکارییە و پاش تێکدانی خێزان و ژیانی خەڵك و ماڵ و حاڵیان، ئێمە وامان دەزانی ئیتر رۆژە رەشەكانی کوردستان و عێراق، گوزەشتن، وامانزانی کە سەدام نەما ئیتر دەتوانین لاپەڕەیەکی نوێ بکەینەوە کە تێیدا ئیتر خەڵکی ئێمە نەبن بە قوربانیی کۆمەڵکوژی. بەڵام لە ٢٠١٤ جارێکی تر جینۆساید لە عێراق ڕووی دایەوە، ئەمجارە لە بەرگی داعش و پاشماوەكانی بەعس، کە پێکەوە هێزێكی شەڕانگێزی دڕندەیان پێک هێناوە.”

کاتێک داعش، عێراقی ڕادەماڵی لە ٢٠١٤، تاوانێكی دڕندانەیان دژی ئێزدی و کریستیانەکان کرد، هەروەها دژی کەمە ئایین و نەتەوەکانی تریش بە مەبەستی قڕکردنیان لە ناوچەکە. وەك بەشێک لە جینۆساید، قەسابخانەیان بۆ پیاوانی ئێزدی دروست کرد، هەزاران منداڵ و ئافرەتی ئێزیدیان ڕفاند و کردیانن بە کەنیزەك، و دەیان شوێنی پیرۆزی ئێزدییان وێران کرد. مۆزەخانەی یادەوەریی هۆلۆکۆست لە واشنگتۆن لە تشرینی دووەمی ٢٠١٥ ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە پێناسە یاساییەكەی جینۆساید دەچەسپێت بەسەر کەیسی ئێزدییەكان.

لویس مۆرینۆ ئۆکامپۆ، یەکەم دادپرسی گشتیی پێشوو لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە لاهای، کە بەشداری کردووە لە ئامادەکردنی کەیسی یاسایی بۆ ناساندنی تاوانەکانی دژی ئێزدییەكان بە جینۆساید، باسی ئەم هەوڵانەی کرد و باسی بایەخی دادپەرسیی و دابینکردنی دادپەروەریی کرد بۆ قوربانیانی جینۆساید. وتی “ئێستا داعش جینۆساید دەکات دژی ئێزدییەكان، و ئەمە ڕەنگە یەکەمین جینۆساید بێت کە بە تەواوەتی سەر بگرێت. چونکە کوردەکان لە هەڵمەتی جینۆسایددا کوژران بەلام کۆمەڵگەکەیان گەورە بوو و توانیان بەرگە بگرن. ئێزدییەکان کۆمەڵگەیەکی بچووکن. وەك کۆمەڵگە وجودیان نامێنێت، ئەمەش پێناسەی جینۆسایدە”.

بەڕێز ئۆکامپۆ جەختی خستە سەر بایەخی دابینکردنی دادپەروەریی وەك کۆڵەکەیەك بۆ بەزاندنی داعش و ئاشتییەكی درێژخایەن، وتی “تا ئێستاش ئێزدییەكان لەژێر شۆكدان. دەیانەوێت جیهان دان بەوەدا بنێت کە جینۆساید کراون. بە بێ دادپەروەریی، بەس تۆڵەسەندنەوە لە ئارادا دەبێت.” لەناو ئامادەبووانەکاندا چەند کەسێك هەبوون لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە هاتبوون، جۆزێف پێنینگتۆن، جێگری یاریدەدەری وەزیر، نۆکس سایمس، ڕاوێژکاری تایبەتی بۆ کاروباری کەمە ئایینی و خۆرهەڵاتی نزیك و باشوور و ناوەڕاستی ئاسیا. سکۆت ئۆدکیرك، جێگری بەڕێوەبەر لە نووسینگەی کاروباری عێراق. هەروەها چەند پەرلەمانتارێكی کەنەدی وەك مایكل کۆپەر و تۆم کمیك، پەرلەمانتاری عێراق، عبداللە زێباری، و محمد ئەلقورەیشی جێگری سەرۆكی نێردە لە باڵیۆزخانەی عێراق. هەروەها فەرماندەی پێشووی بنکەی چالاکییە هاوبەشەکان لە هەولێر، جەنەراڵ میك بێدناریك ئامادەبوو. دادوەر ئاسۆ سۆفی، یەکێك لە ٦٣ دادوەرەکەی لێپێچینەوە کە دادپرسیی سەدام حسێن و عەلی کیمیایی و سەرکردەی تری بەعسییان کرد، ئامادەبوو. نوێنەری تری وڵاتانیش ئامادەبوون وەك نوێنەری باڵێۆزخانەی توركیا، کۆمیسیۆنی ويلایەتە یەكگرتووەكان بۆ ئازادیی ئایینەکان، لەگەڵ ڕەوەندی کورد لە شاری جۆراجۆرەوە لە ويلایەتە یەکگرتووەكان.

هەروەها کورتەفیلێمێك پیشان درا، لە دەرهێنانی گوین رۆبەرتز لە بەرنامەی یادەوەریی کوردستان. نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەیان سامی عبدالرحمن وتی “هەڵەبجە بۆتە سیمبۆڵی جینۆساید لە عێراق و کوردستان. بەڵام هەڵەبجە هەروەها رەمزی ئاشتییشە. خەڵکی هەڵەبجە هەمیشە هەوڵیان داوە مرۆڤەکان کار بۆ بنیاتنانی بەشە باشەکەی سروشتی مرۆڤ بکەن، و زاڵ بن بەسەر شەڕانگێزیدا، و مرۆڤەکان بڕوایان بە باشە و خێر هەبێت لە سروشتی مرۆڤدا”.

Background pattern
Colors
Skin
Layout style